MAHAT Media

MAHAT Media

Share

ماهات به ئاگاییەوه کار دەکات.

07/30/2026

لە گۆڕینی ئایین بەزۆر تا جینۆساید:
چۆن ئێزیدییەکان ئازار و مەینەتی سەدان ساڵەیان بردە تاراوگە

دانێڵ گرێیمەن-کەنارد

لە پەنجەرەی ژوورەکەیەوە لە باکووری سووریا، لە گوندێکی کوردنشینی نێوان حەسکە، قامیشلۆ و عامودا، "س" هێشتا دەیتوانی چیای شنگال لە عێراق ببینێت، هەمان ئەو چیایەی کە هەزاران ئێزیدی لە ساڵی ٢٠١٤دا بۆ دەربازبوون لە کوشتن، ڕفاندن و دەستدرێژی سێکسی لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەئیسلامیکردن بە سەرکردایەتیی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)، بۆی هەڵاتن.

هەر ئەم هەڵمەتە زۆرەملێیەی بەئیسلامیکردنە بوو کە بووە هۆی ئەوەی بنەماڵەی مامی گەورەی "س" لە تورکیا دەستبەرداری باوەڕی ئێزیدی بن و لە هەندێک لە خزم و کەسیان دوور بکەونەوە.

لە ساڵی ١٨٩٢دا، سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم فەرمانی بەزۆرەملێ موسڵمانکردنی ئێزیدییەکان دەرکرد و پێشنیازی کرد یان ڕاستکردنەوەی باوەڕ (tashih-i itikad) واتە "چاکسازی" لە باوەڕەکەیان بۆ ئیسلامی سوننە، یان ڕووبەڕووی کوشتن و/یان دەرکردن دەبنەوە.

باوباپیرانی س بڕیاری هەڵاتنیان بۆ باکووری سووریا دا و دوای چەند نەوەیەک، ئەو و خێزانەکەی ناچار بوون جارێکی دیکە لە ترسی هەمان هێزە ئیسلامخوازەکان هەڵبێن، ئەمجارەیان بۆ ئەڵمانیا. س لە ماڵە نوێیەکەیەوە لە ئەورووپا بە ڕۆژنامەی ئورشەلیم پۆستی وت لە کاتی جینۆسایدی ئێزیدییەکان وەک خۆبەخشێکی فریاگوزاری لە شنگال، شایەدحاڵی ئەو کارەساتە بووە.

ترس لە ئاشکراکردنی ناسنامە وەک باوەڕدارێکی ئێزیدی

هەروەها باسی لە ترسی بەردەوامی خێزانەکەی کرد لە دەربڕینی باوەڕەکەیان بە ئاشکرا، تەنانەت ئێستاش کە لە ڕۆژئاوا دەژین. وتیشی: "ئەمە زۆر جار ڕووی داوە و هەر بۆیەش دەتوانن چەندان پێکهاتەی ئێزیدی لە ڕووسیا، جۆرجیا و ئەرمینیا ببینن کە لە بنەڕەتدا شوێنی کورد یان ئێزیدی نین." ئەو وتی دایکم بەردەوام پێی دەوتم "ئێمە ناتوانین دوو نەوە لە ڕەچەڵەکمان لە یەک گۆڕستاندا بنێژین"، ئەمە پەندێکی باوە لەناو ئێزیدییەکان.

ئێزیدییەکان لە دوای ئەوەی لە سەدەی ١٦ و ١٧ بە شەیتانپەرست تۆمەتبار کران، نزیکەی ٧٤ جار تووشی ڕاوەدوونان و جینۆساید بوونەتەوە. ئەم بەشەیتانکردنی ئیمانە بە شێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ ڕێزگرتنیان لە مەلەک تاووس کە لە ئیسلامدا بە شەیتان (ڕووحێکی خراپ یان شەیتان) دادەنرێت. س وتی: "چونکە بە وتەی موسڵمانان، ئێزیدییەکان باوەڕیان بە خوای [ئیبراهیمی] نەبووە. وەک ئایینەکانی جوو یان مەسیحی، ئەوانەی باوەڕیان بەو خوایە نییە، بە کافری دادەنێن."

بەگوێرەی ئەو ئامارانەی لە لایەن دەستپێشخەری نادیە، کە ڕێکخراوێکی قازانج نەویستە و لە لایەن نادیە موراد، خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی دامەزراوە، تەفسیری ئیسلامی بۆ ئێزیدی هەمان ئەو شتەیە کە ئەندامانی داعش بۆ ڕەوایەتیدان بە کۆیلەکردنی زیاتر لە شەش هەزار ژن و منداڵ و کوشتنی زیاتر لە پێنج هەزار کەس، بەکاریان هێناوە.

سووریا: ئەوەندە کە ئێزیدییەکان لە سەرەتادا پێیان وا بوو سەلامەتە، وا نەبوو

هەرچەندە ئایینی ئێزیدی هێشتا لە سووریا وەک ئایینێکی سەربەخۆ نەناسراوە، بەڵام س ڕوونی کردەوە کە زۆرێک لە خێزانەکان بە هۆکاری ئەوەی حکوومەتی بەشار ئەسەد تاڕادەیەکی زۆر ئایینی لە حکوومەت جیا کردبووەوە، بڕیاریان داوە بەرەو ئەوێ هەڵبێن. سەرەڕای ئەمەش، س باسی لەوە کرد لە قوتابخانە ناچار بووە قورئان بخوێنێت و زۆرێک لە هاوتەمەنەکانی دوای ئەوەی مامۆستاکانیان ئایینی ئیسلامیان پێیان دەوتەوە، دەبوونە ئیسلام.

دوای کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی ٢٠١٤ بوو کە بنەماڵەی س بڕیاریان دا "ناتوانین شەڕی ئەم کەسانە بکەین"، تێگەیشتنێک کە وای لێکردن کۆچ بکەن بۆ ئەڵمانیا. بەڵام، س کە تازە بڕوانامەی پزیشکی ددانی وەرگرتبوو، ئامادە نەبووە لەگەڵ خێزانەکەی بڕوات و لەبری ئەوە بڕیاری دا لەگەڵ ڕێکخراوە مرۆییەکان کار بکات. هەرچەندە بەڵێنی بە خێزانەکەی دا بەدوایاندا بچێتە ئەڵمانیا، بەڵام زۆر مایەوە و لەم دواییانەدا بڕیاری دا سووریا بەجێ بهێڵێت.

بەهۆی بەردەوامی کارە مرۆییەکانی لە ناوچەکە، س داوای لە ڕۆژنامەی ئورشەلیم پۆست کرد ناوی ئاشکرا نەکرێت، ئەو ئاگاداری ئەو یاسایانەیە کە قسەکردن لەگەڵ ئیسرائیلییەکان بۆ هاووڵاتیانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قەدەغە دەکات و ڕەنگە ڕێگری لە چالاکییە مرۆییەکانی لە ناوچەکە بکات.

لەژێر گەمارۆدا: ئێزیدییەکانی عێراق لە ساڵی ٢٠١٤

لە دیسەمبەری ٢٠١٤، هێزەکانی هاوپەیمانان و کورد دەستیان بە هێرش کرد و ڕێڕەوێکی مرۆیی کرایەوە. ئەم ڕێرەوە ڕێگەی گەیشتنی بۆ ئەو ناوچانەی هەرێمی کوردستان دابین دەکرد، کە نزیکەی ٤٠٠ هەزار ئێزیدی بۆی هەڵاتبوون و دەیان هەزار کەسی دیکەش پەنایان بۆ چیای شنگال بردبوو، بەهۆی گەمارۆدانەوە مەترسی برسێتییان لەسەر بوو. هەرچەندە هێشتا "مەترسیدار" بوو، بەڵام س چەند جار بە هەندێ پێداویستی پزیشکییەوە بەم ڕێڕەوەدا خۆی گەیاندووەتە ئاوارەکان.

سیستەمی تەندروستیی عێراق و سووریا بەهۆی هێرشەکانی داعش پەکیان کەوتبوو. لە مانگی مارچی ساڵی ٢٠١٤، ڕێکخراوی خێرخوازی ڕزگارکردنی منداڵان ڕایگەیاند لەسەددا ٦٠ی نەخۆشخانەکانی سووریا زیانیان بەرکەوتووە یان ڕووخاون، نزیکەی نیوەی پزیشکەکانی ئەو وڵاتە هەڵاتوون و لەسەددا ٩٣ی ئەمبولانسەکان زیانیان پێگەیشتووە، دزراون یان لەکار کەوتوون.

س لەبارەی ئەوەی لەو کاتەدا بینیوێتی، دەڵێت: "ئێمە توانای پێویستمان نەبوو، خراپترین کات ساڵی ٢٠١٤ بوو لە شنگال... بە هیچ شێوەیەک ئامادە نەبووین و لەناکاو زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس دەبینیت... خەریک بوو دەمردن؛ ئەوان بەهۆی برسێتییەوە خەریک بوو دەمردن." هەرچەندە هەزاران کەس بە توندوتیژی کوژران، بەڵام بەشێکی زۆری خەڵک بەهۆی نەخۆشییەوە مردن. نەبوونی چاودێری پزیشکی و پەکخستنی بەرنامەکانی کوتان بووە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکانی وەک لیشمانیای پێست و ئیفلیجی منداڵان.

بۆ س، یەکێک لە دیمەنە ناخهەژێنەکان، بینینی جەستەی سووتاوی منداڵان بوو لەژێر هەتاو و پلەی گەرمی نێوان ٤٠ بۆ ٥٠ پلەدا و سەرگەردانییان لەو دەشتودەرە. س وتی: "ئێمە هیچمان نەبوو. خەڵکێکی زۆر شنگالیان بەجێ هێشت، لەناویاندا پزیشک و پەرستارەکان، بۆیە ئێمە بەبێ مۆڵەت سنووری سووریامان دەبەزاند. ئەوە مەترسیدار بوو. هەروەها لە ڕووی دەروونیشەوە بۆ ماوەیەکی زۆر شۆکت دەکات." س کە تاز پزیشکی ددانی تەواو کردبوو، لەگەڵ تیمەکەی چەند جار ڕووبەڕووی مەترسی داعش بووەتەوە. س وتی: "داعش لە هەردوو لای ڕێڕەوەکە بوو ... زۆر زۆر مەترسیدار بوو." باسی لەوە کرد کە چۆن ئەندامانی ئەم گرووپە تیرۆریستییە لە کاتی تێپەڕینیان بە شنگالدا تەقەیان لە ئۆتۆمبێلەکەیان کردووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی س، دۆخەکە دوای شەڕی شنگال لە ساڵی ٢٠١٥ خراپتر بوو، کاتێک شەڕڤانانی کورد و ئێزیدی بە پاڵپشتی هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانان شارەکەیان کۆنتڕۆڵ کردەوە. لە کاتی هێرشەکەدا، س لە هەردوو شاری ڕەققە و کۆبانی بوو، کە زۆرێک لە چەکدارە تیرۆریستییەکان لەوێ هەڵاتن: "من لەگەڵ هەندێک لە هاوکارانم چووم و کەرەستەی پزیشکی و دەرمانمان هێنا." ئەو درێژەی بە قسەکانی دا و وتی: "لەو کاتەدا تەنیا شارەکە کە شارێکی زۆر بچووکە ئازاد کرا. بۆیە هەموو چەکدار بوون. خەڵکی مەدەنی نەهاتبوون ... ئەوەش ترسناک بوو. پزیشک و کارمەندی تەندروستی لێ نەبوو، تواناکان زۆر زۆر سنووردار بوون."

هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر کوردەکان لە ساڵی ٢٠١٧

هێرشەکانی تورکیا دۆخەکەی سەختتر کرد، هێزەکانی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٧ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان بۆ سەر هێزە کوردییەکان لە شنگال دەست پێ کرد و هێرشی ئاسمانییان کردە سەر پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە). ئەمەش دوابەدوای ڕووبەڕووبوونەوەکانی نێوان سوپای سووریا و هێزە کوردییەکان ڕووی دا. سەرەڕای ئەو ئاستەنگە زۆرانە، دواجار داعش لە بەرانبەر هێرشەکانی هەسەدە کە لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرا، شکستی هێنا.

هەرچەندە داعش شکستی خواردووە، بەڵام بەردەوامە لە زیانگەیاندن بە پێکهاتەی ئێزیدی. نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێنراوانی ئێزیدی لە شاری دهۆک لە عێراق لە ساڵی ٢٠٢٤دا پشتڕاستی کردەوە کە دوای دە ساڵ لە هێرشەکانی داعش، ئەگەری زۆرە بەشێکی بەرچاو لەو ٢٦٠٠ ئێزیدییە بێسەروشوێنکراوە هێشتا لە دەستی ڕفێنەرەکانیان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی سەدان کەس لەو قوربانیانە لە لایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە لە کەمپی هۆڵ لە تەنیشت ڕفێنەرەکانیانەوە ڕاگیرابوون. دوای ڕادەستکردنی کەمپی هۆڵ بە دیمەشق لە ساڵی ٢٠٢٦ و کشانەوەی هەسەدە، ڕووننەبوونەوەی چارەنووسی ئەو ڕفێنراوانە هێشتا نیگەرانییەکی گەورەیە.

پێش گرتنی دیمەشق، زۆرێک لە کچانی ئێزیدی نەیاندەویست خۆیان بناسێنن، لە ترسی کوشتن یان لەدەستدانی ئەو منداڵانەی کە لە کاتی دەستبەسەربوونیان بە دەستدرێژیی داعشەکان لەدایک بووبوون. ئێستا دۆخەکە بەقووڵی ئاڵۆز بووە. س وتی بەدواداچوونی نێودەوڵەتی بۆ کێشەکە بەهۆی ئەولەوییەتەکانی ململانێوە سارد بووەتەوە. س لە وەڵامی ئەوەی کە خەڵکی ئەڵمانیا هاوسۆزن لەگەڵ ئازارەکانی مرۆڤ، وتی کەیسی ئێزیدییەکان هێشتا تاڕادەیەکی زۆر نادیارە و زۆربەی ڕۆژئاواییەکان نامۆن بە ناوچەکە.

گیرۆدەبوونی ئەڵمانیا لە دۆسیەی پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

دوابەدوای هاتنەسەر دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع، تیرۆریستی پێشوو لە سووریا، بەرلین لە هەوڵی هاوسەنگکردنی بەرژەوەندییە سەروەرییەکانی خۆی لە بەڕێوەبردنی قەیرانی پەنابەران و چارەسەرکردنی بوونی تۆڕە تیرۆریستییەکانە لەناو پەناخوازاندا، هاوکات بەرپرسیارییەتییە مرۆییە جیهانییە بەرفرەوانەکانی خۆی جێبەجێ دەکات. ئەگەرچی ئەڵمانیا زیاتر ٤ هەزار کیلۆمەتر لە ململانێکانەوە دوورە، بەڵام بەپێی ئەو ئامارانەی کە لە لایەن (DW News) بڵاو کراونەتەوە، وەرگرتنی نزیکەی ٧١٢ هەزار سووری وەک پەنابەر، بە مانای هەڵمژینی هەندێک لە جیاوازییە تائیفییەکانیش بووە.

دایکی س بەردەوام داوای لێکردوون، ئێستا کە تەنانەت لە ئەڵمانیاش دەژین خۆیان بە ئێزیدی نەناسێنن، لە ترسی ئەوەی کە ڕەنگە [لە لایەن خەڵکانێکەوە] ئازار بدرێن. س وتی: "وەک ئەوەی کارتێکی بێبەرامبەر بێت بۆ ئەوان ئەگەر لەگەڵ کەسانی وەک ئێمە کە باوەڕیان بە خواکەی ئەوان نییە، شتێک بکەن، بڕۆن بۆ بەهەشت."

"من بەگشتی باشم، بەڵام زۆرجار کاتێک کەسێک دەبینیت زۆر هەست بە سەلامەتی ناکەیت؛ کێشەکە ڕەنگی پێست یان شتەکانی دیکە نییە، بەڵام کاتێک ئەم جلوبەرگە ئایینییە تەقلیدییانە لەبەر دەکەن، پێم وایە مەترسیدارترن. ئەگەر لە ئەورووپایت و تێکەڵی کۆمەڵگە نەبوویتە، ئەو مانای وایە کە تۆ عەقڵییەتێکی زۆر توندڕەوت هەیە."

دیدگایەکی تری قووڵی ئێزیدی

"گ" ئەندامێکی ئێزیدی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی یەکێتیی کورد-جووە کە بنکەکەی لە ئەورووپایە، بەتەواوی ئاگای لەوەیە کە چۆن ئەو ڕەگەزپەرستییەی کۆمەڵگەکەی لەمێژە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووبەڕووی بووەتەوە، بەدوایاندا هاتووە بۆ ئەورووپاش.

گ لە ساڵی ١٩٨٠ لە ناوچەی کوردنشینی تورکیا لە نزیک سنووری سووریا لەدایک بووە، بیرەوەرییەکی کەمی لەوێ هەیە، ئەو لە تەمەنی پێنج ساڵیدا لەگەڵ خێزانەکەی ڕووی لە ئەورووپا کرد. ئەوەی گ لەبیریەتی ئەو چیرۆکانەن کە دایکی لەبارەی ئێزیدیبوون و ئەو ئازارانەی لە لایەن تورک و کوردەوە ڕووبەڕوویان بووەتەوە، بۆی گێڕاوەتەوە، هەروەها ئەو دوژمنایەتییەی کە خۆی لە سویسرا تووشی بووە دوای ئەوەی خەڵک زانیویانە ئێزیدییە.

هەرچەندە گ خۆی هەم وەک کورد و هەم ئێزیدی دەزانێت، بەڵام ئەم ناسنامەیە، ناسنامەیەکی ئاڵۆزە. ئێزیدییەکان پێکهاتەیەکی نەتەوە-ئایینن لەناو نەتەوەیەکی فرەوانتری کوردیدا، پابەندن بە باوەڕێکی ڕەسەنەوە کە تەنیا کەمینەیەکی کەم لە کورد پەیڕەوی لێ دەکەن. وا مەزەندە دەکرێت لەسەددا ٧٥ی کوردەکان بوونە ئیسلام و ئێزیدییەکانیان وەک کەمینەیەکی ئایینی جیا لەناو کۆمەڵگەکەدا هێشتەوە.

گ وتی توانیویانە ئەو دووانە لەڕێگەی ژینگەی گشتی سیکۆلار و گشتگیری پەکەکەوە کە خێزانی گ پەیوەندییان پێوە کردبوو، ئاشت بکەنەوە، هەرچەندە ئێستا ئەو بە لەبەرچاوگرتنی ئەو تێڕوانینە توندە دژە ئیسرائیلییەی ئەم گرووپە، کێشەی لە ناساندنی خۆی وەک لایەنگرێکی ئەم کرووپە هەیە.

یەکێک لە تاریکترین قۆناغەکانی مێژووی کورد و ئێزیدی هەڵمەتی ساڵی ١٨٣٢ بوو بە سەرۆکایەتی میر محەممەدی ڕواندوز کە مەزەندە دەکرێت لە ماوەی دوو ساڵدا نزیکەی ١٣٠ هەزار ئێزیدی کوشتبێت. دوای کەمتر لە دە ساڵ، بەدرخان بەگ، فەرمانڕەوای کوردی میرنشینی بۆتان، هەڵمەتێکی دیکەی دەست پێ کرد کە بووە هۆی کوشتن و کۆیلەکردنی ژمارەیەکی نادیاری ئێزیدی.

گ وتی دایکی بۆی گێڕاوەتەوە کە ناچار بووە چاوەڕێ بکات تاکوو ئەوان لەسەر کانییەکە بڕۆن ئەوجا ئاو ببات، چونکە کوردە موسڵمانەکان نەیانهێشتووە ئێزیدییەکان بێنە سەر کانییەکان، هەروەها نەیتوانیوە بچێتە قوتابخانە، چونکە دوورکەوتنەوە لە گوند زۆر مەترسیدار بووە. ئەمەش وای کرد ئەو بنەماڵەیە بڕۆن بۆ سووریا و لەوێ نیشتەجێ بن، لە لایەن دراوسێ سوورییەکانەوە پێشوازییان لێ کراوە و بینیویانە کە ئەو بنەماڵەیە بە زمانی کوردی و عەرەبی قسە دەکەن و خۆیان لە ململانێ ئایینییەکان بەدوور دەگرن.

کاتێک مامی گ پەیوەندیی بە پەکەکەوە کرد، دەسەڵاتدارانی تورکیا کەوتنە ئازاردانیان. ئەم گرووپە بەهۆی خەبات بۆ ماف و ئۆتۆنۆمیی کورد لە ساڵی ١٩٨٤ەوە دەستی بە ڕاپەڕینی چەکداری کردووە، لە تورکیا بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دادەنرێت. پێش پێکهێنانی ئەم پارتە، دەسەڵاتدارانی تورکیا ڕەتیان کردەوە ددان بە ناسنامەی کورددا بنێن، بە "تورکی شاخ"یان دادەنان و زمانەکەیان قەدەغە کرابوو. دژایەتی دژ بە کورد لەدوای پێکهێنانی پەکەکە توندتر بوو و بووە هۆی وێرانکردنی زۆرێک لە گوندەکان کە هێزەکانی تورکیا ئەم گوندانەیان بە پشتیوانی ئەم گرووپە چەکدارە دادەنا. باوکی گ زیندانی دەکرێت و داوای ڕادەستکردنی براکەی لێ دەکەن، ئەمە وای کرد دایکی بڕیاری چوونە ئەڵمانیا بدات. باوک و دایکی گ لە ئەڵمانیا بوونە چالاکوانی دۆزی کورد، بەڵام ناسنامەی ئێزیدیبوونی خۆیان شاردەوە.

گ وتی: "دەتوانم بڵێم پەکەکە پێکهاتەیەکی زۆر مۆدێرنە؛ سەرۆکی پارتەکە هەندێکجار بەباشی باس لە ئێزیدی دەکات"، ڕوونی کردەوە کە بۆچی خێزانەکەی سەرەڕای وەدەرنان، جینۆساید و زیانە زۆرە کەسییەکان، خۆیان بە لایەنگری گرووپێکی کوردی دادەنێن. گ درێژەی بە قسەکانی دا و وتی زۆرجار لە باوکی پرسیوە بۆچی خێزانەکەیان هیچ کات باسی ئێزیدیبوونیان نەکردووە، تەنیا باسی کوردبوون دەکەن، باوکیشی لە وەڵامدا وتوویەتی ئێستا کاتی ئەوە نییە، چونکە پێویستە ئەوان وزەکانیان لە دژی ستەمکاریی تورکیا چڕ بکەنەوە. گ بە ئاماژەدان بەو زیانانەی کە دەکرێت لە ململانێیەکی ناوخۆییەوە دروست بێت وتی: "پێم وایە ئەو لە خەڵکی موسڵمانی کورد دەترسێت، چونکە ئەگەر بڵێین ئێمە ئێزیدیین، ئەوە مانای وایە گەلی کورد لەناو خۆیدا ململانێی هەیە و دابەش بوون."

ئەمڕۆ گ شانازی بە ئێزیدیبوونی دەکات، تەنانەت لەناو دۆستە کوردەکانیشیدا، کە کاردانەوەی ئەرێنییان هەبووە و پێدەچێت کەمتر ئاگاداری مێژووە سەختەکەی بن. هێشتا هەندێک لە کەسە دووورەکانی گ توڕەن لەوەی گ، لەبری کورد، خۆی وەک ئێزیدی دەناسێنێت. گ بە ئاماژەدان بە یەکێک لەو ئەزموونانە، وتی جارێک بە هاوکارێکی وتووە بەڕۆژوو نابێت، چونکە ئێمە ئێزیدیین نەک موسڵمان. هاوکارەکەی بەو زاراوەیە [ئێزیدی] ئاشنا نەبوو، دوای ئەوەی لەبارەی ئایینی ئێزیدی پرسیاری لە ئەندامانی خێزانەکەی کرد، دەستی کرد بە ناونانی گ بە کافرێکی شەیتانپەرست.

گ بە دووپاتکردنەوەی قسەکانی س سەبارەت بەو ڕاستییەی کە زۆر کەس لە ئەورووپا بێ ئاگان لە دۆخی نالەباری خەڵکی ئێزیدی، وتی ئەمە هۆکارێکی دیکەیە بۆ ئەوەی خۆیان وەک کورد بناسێنن، چونکە زۆرجار ئەم جۆرە جیاکارییانە بۆ ئەوانەی هەوڵی تێگەیشتن لە هۆکارەکە دەدەن، زۆر سەختە. گ بە نموونەیەک بۆ ئەم بابەتە دەڵێت، لە ساڵی ٢٠١٤ مامۆستایەک هەوڵی دابوو بە گفتوگۆکردن لەسەر شەڕی داعش پەیوەندی لەگەڵدا دروست بکات، بەڵام نەیتوانیوە لە ڕوونکردنەوەکانی گ تێبگات. ڕەنگە ئەم کێشەیە یەکێک بێت لەو هۆکارانەی کە ١٢ ساڵ تێپەڕیوە و ئێزیدییەکان هێشتا بە دادپەروەریی نەگەیشتوون.

#کوردستان

07/28/2026

وەزارەتی کارەبا داشکاندن بەڕێژەی تاوەکو 50٪ بۆ قەرزی کۆنی پێش پڕۆژەی ڕووناکی ڕادەگەیێنێت

وەزارەتی کارەبا خۆشحاڵە بە ڕاگەیاندنی داشکاندنێکی ناوازەی یەکجارە بەڕێژەی تاوەکو 50% بۆ قەرزی کۆنی پێش ڕووناکی کە جێبەجێدەکرێت لە نێوان 3ی ئاب بۆ 10ی ئەیلولی 2026.

داشکانەکە تەنیا قەرزی کۆنی پێش ڕووناکی دەگرێتەوە و پارەی پسوولەکانی ڕووناکی ناگرێتەوە.

بۆ سوودمەندبوون لەم داشکاندنە، هاوبەشان پێویستە بەیەکجار تەواوی بڕی داشکێندراوی قەرزی کۆنی پێش ڕووناکی بدەن.

وەک بەشێک لە ئامادەکارییە تەکنیکییەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەم داشکاندنە، پارەدانی کارەبا لە ڕێگەی ئی-پسوولە و هۆبەکانی فرۆشیاری ووزە بۆ ماوەیەکی کاتی بەردەست نابێت لە نێوان 30 تەمموز بۆ 3ی ئاب.
بۆیە داوا لە هاوبەشان دەکرێت کە پارەی پسوولەکانی ڕووناکی پێش 30ی تەمموز بدەن، بەر لەوەی خزمەتگوزاری پارەدان بۆ ماوەیەکی کاتی بوەستێت. ئەمەش بۆ لەبەرچاوگرتنی ماوەی پارەدانی 50 ڕۆژی کارەبایە کە دەبێتەهۆی دادپەروەری لە پڕۆسەی پارەدان لەنێوان هاوبەشاندا.

ئەم داشکاندنە ناوازەیە بۆ دوایین جارە ئەنجامبدرێت لەسەر قەرزی کۆنی پێش ڕووناکی کە تییایدا هاوبەشانی پڕۆژەی ڕووناکی و دەرەوەی ڕووناکی دەتوانن بەم ڕێژانە سوودمەندبن:

- 50٪ داشکاندن بۆ هەموو هاوبەشانی ماڵان و کشتوکاڵی
- 25٪ داشکاندن بۆ هەموو هاوبەشانی پیشەسازی، بازرگانی و میری جگە لەو هاوبەشانەی کە فیدەری تایبەت بەخۆیان هەیە

خێراترین ڕێگە بۆ پارەدان بریتیە لە ئی-پسوولە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان دووربکەونەوە لە قەرەباڵغی هۆبەکانی فرۆشیاری ووزە. جێگای باسە کە ئەم داشکاندنە پارەدان لەڕێگەی کارمەندانی کۆکەرەوەی پارەی پسوولەی کارەبا ناگرێتەوە.

لەگەڵ نزیکبوونەوە لە تەواوبوونی پڕۆژەی ڕووناکی و کۆتایی هێنان بە قەرزە کۆنەکانی پێش ڕووناکی، هاوبەشان پێویستە پابەندبن بە دانەوەی ئەم قەرزانە. بۆ هەندێک هاوبەش کەڵەکەبوونی قەرزی کۆن لەسەریەک وای کردووە دانەوەیان زەحمەتتربێت.

هەر بەم هۆکارەش، وەزارەت ئەم ئاسانکارییە دەکات تاوەکو لە ڕێگەی ئەم داشکانە یەکجارەییە یارمەتی هاوبەشان بدات بتوانن قەرزی کۆنی پێش ڕووناکی بدەنەوە.
لە قۆناغی نوێدا پێویستە پارەی پسوولەکان لە کاتی خۆیدا بدرێن ئەمەش لە ڕێگەی میکانیزمی 50 ڕۆژی پارەدانی پسوولەی کارەبا کە وادەکات دادپەروەری بۆ هەمووان دابین بکرێت.

بۆ هەر پرسیارێک هاوبەشانی کارەبا دەتوانن پەیوەندی بکەن بە سەنتەری خزمەتگوزاری ڕووناکی لە ڕێگەی ژمارە 1992.

#کوردستان #کارەبا

07/28/2026

بەکارهێنانی فسفۆڕی سپی لەلایەن پاسدارانەوە لە هەرێم؛ ڕاستییەکان و گومانە جیدییەکان

ماهات میدیا

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا وێنە و زانیاریی دەربارەی برینداربوونی توندی ئەندامانی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) پێ گەیشتووە، کە لە ئەنجامی هێرشی ١٩ی ژوئیەی ٢٠٢٦ بۆ سەر یەکێک لە پێگەکانی ئەم حیزبە لە ناوچەی دارەشەکران لە ڕۆژاوای هەولێر دروست بوون. ئەم هێرشە دەخرێتە پاڵ سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

قووڵیی سووتاوییەکان، تێکچوونی توندی شانەکانی جەستە، بەردەوامیی ئاگرەکە و ڕاپۆرتەکانی پەیوەندیدار بە پاشماوە گوماناوییەکانی تەقەمەنییەکان، گومانی جیدی لەسەر بەکارهێنانی فسفۆڕی سپی یان ماددەیەکی هاوشێوە لە ڕووی کاریگەریی سووتێنەرییەوە دروست دەکات. وێنە گەیشتووەکان، ئاسەوارە جەستەیییە هۆناک و پڕئازارەکان نیشان دەدەن کە لە سنوورە ئاسایییەکانی برینداریی تەقینەوە تێپەڕ دەبن.

ئەگەرچی دیاریکردنی جۆری تەقەمەنییەکە پێویستی بە تاقیکردنەوەی پسپۆڕانەی پزیشکی، کیمیایی و چەکسازی هەیە، بەڵام کۆی بەڵگە بەردەستەکان بۆ دەستپێکردنی خێرای لێکۆڵینەوە دەربارەی بەکارهێنانی ئەنقەستی چەکی سووتێنەر دژی کەسەکان بەسە. نەبوونی ئەنجامی کۆتاییی تاقیگە نابێت ببێتە ئامرازێک بۆ نکوڵیکردن لە ڕووداوەکە، بێتاوانکردنی ئەنجامدەران یان لەناوبردنی ئاسەوارەکانی تاوان.

یاسا نێودەوڵەتییە مرۆییەکان، تەنانەت لە کاتی هێرش بۆ سەر ئامانجێکی سەربازیشدا، بەکارهێنانی ئامراز و شێوازگەلێک کە دەبنە هۆی برینداریی زۆر و ئازاری ناپێویست، قەدەغە دەکات. بەکارهێنانی ئەنقەستی تەقەمەنی سووتێنەر بۆ سووتاندنی کەسەکان، تێکدانی قووڵی شانەکانی جەستە یان سەپاندنی ئازاری درێژخایەن، دەکرێت پێشێلکردنی بنەما سەرەکییەکانی زەروورەتی سەربازی، گونجان، وریایی لە هێرش و قەدەغەی دروستکردنی ئازاری زۆر بێت.

لە ئەگەری سەلماندنی بەکارهێنانی ئاگادارانەی وەها تەقەمەنییەک دژی تاکەکان، ڕەفتاری هێزەکانی سوپای پاسداران دەتوانێت ڕەگەزە مادی و دەروونییەکانی «تاوانی جەنگ»ی تێدا بێت. هانا ئەم هێرشە وەک نموونەیەکی توندی بێباکیی بونیادیی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بە ڕێسا ناچارکەرەکانی یاسای مرۆیی دەبینێت. ئەگەری بەکارهێنانی تەقەمەنییەک کە جەستەی مرۆڤ دەسووتێنێت، شانەکان تا قووڵایی تێک دەدات و ئازارەکەی دوای کۆتاییهاتنی هێرشەکەش بەردەوام دەبێت، تەنیا سەرپێچییەکی سەربازی نییە، بەڵکوو دەکرێت دەستدرێژییەکی سزایی بێت بۆ سەر کەرامەتی مرۆیی و قەدەغەی ڕەهای سەپاندنی ئازاری ناپێویست لە ململانێ چەکدارییەکاندا.

بڕیاردەران، داڕێژەران، فەرماندەکان و ئەنجامدەرانی ڕاستەوخۆی وەها هێرشێک دەبێت لە زنجیرەی بەرپرسیارێتیی سزاییدا بناسرێن و ڕاوەدووی یاسایی بکرێن.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا داوای پاراستنی دەستبەجێی شوێنی هێرشەکە، پاشماوەی تەقەمەنییەکان، پارچەکانی درۆن، دۆسیە پزیشکییەکان، نموونە زیندەیییەکان و بەڵگە ژینگەیییەکان دەکات. هەر جۆرە گواستنەوە، تێکدان، شاردنەوە یان دەستکارییەک لەم بەڵگانەدا دەبێت وەک تێکدانی لێکۆڵینەوەکان و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی بەڵگەکانی تاوانێکی ئەگەری هەژمار بکرێت.

هانا داوا لە نووسینگەی کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕاپۆرتنێرە تایبەتەکان، کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور و کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕاستی‌دۆزی مرۆیی دەکات بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و پسپۆڕانە هەنگاو بنێن. لە ئەگەری پشتڕاستکردنەوەی بەکارهێنانی تایبەتمەندییە ژەهراوییەکانی ماددەکە وەک چەک، حکوومەتی عێراق دەبێت بابەتەکە بۆ ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی و میکانیزمی لێکۆڵینەوەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بنێرێت. کۆماری ئیسلامی و سوپای پاسداران نابێت بتوانن بە پشتبەستن بە نەبوونی دەستڕاگەیشتنی خێرای ناوەندە سەربەخۆکان، لە وەڵامدەرەوەبوون دەربارەی ئەنجامدانی ئەگەریی تاوانی جەنگ پارێزراو بن.

#ڕۆژهەڵات #کوردستان #ایران

07/17/2026

جوگرافیایەک لە ژێر ئاگردا؛ ئەرکی ئێمە لەم قۆناغە سەختەی کوردستاندا چییە؟

جەلال هۆرێنی

مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هیچ کاتێک بە بەزەیی و دادپەروەری نەنووسراوەتەوە، بەڵکو هەمیشە بە زەبری هێز، بەرژەوەندیی زلهێزەکان و خوێنی گەلانی بێپشتوپەنا نەخشێنراوە. گەلی کورد، وەک یەکێک لە دێرینترین و گەورەترین نەتەوەکانی ئەم ناوچەیە، لە دوای دابەشکارییەکانی سەدەی ڕابردووەوە، هەمیشە لە ناو جەرگەی ئەم گێژاوە داگیرکاری و ململانێ هەمەلایەنانەدا بووە. ئەمڕۆش کە دەبینین جوگرافیای کوردستان و کەمپەکانی نیشتەجێبوونی پێشمەرگە و هاونیشتمانیان دەبنە ئامانجی کێشمەکێشە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان، پرسیارە هەرە جەوهەرییەکە ڕووبەڕووی ویژدانی هەر تاکێکی کورد دەبێتەوە: ئەرکی نەتەوەیی ئێمە لەم قۆناغەدا چییە؟

کاتێک لە هاوکێشە سەربازی و سیاسییەکان دەڕوانین، دەبینین هەر کاتێک زلهێزێکی جیهانی فشار دەخاتە سەر هێزە ناوچەییەکان، یان کاتێک ململانێی دیپلۆماسی لە ناوچەکەدا دەگاتە بنبەست، خاکی کوردستان دەکرێتە مەیدانی یەکلاکردنەوەی پەیامە مووشەکی و دەروونییەکان.
ئەم واقیعە پێمان دەڵێت کە ناحەزانی دۆزی کورد، هەمیشە قەوارەی کوردستان وەک "ئەڵقەی لاواز"ی هاوپەیمانێتییەکان دەبینن؛ شوێنێک کە دەتوانن تێیدا بەبێ تێچووی گەورەی نێودەوڵەتی، پەیامی توند بۆ لایەنەکانی تر بنێرن. موشەکبارانکردنی کەمپەکان لە ناوخۆی خاکەکەماندا، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە ئاسایشی نەتەوەیی کورد هەمیشە لەژێر هەڕەشەدایە و نابێت بەڵێنە کاتییەکانی دەرەوە ببنە هۆی سستبوونی هەستی بەرگری و هۆشیاریمان.

هێز و مانەوەی هەر نەتەوەیەک لە ناوخۆکەیدا سەرچاوە دەگرێت. جیاوازیی فیکری و فرەیی حیزبی نیشانەی زیندوێتیی کۆمەڵگەن، بەڵام کاتێک ئەم جیاوازییانە دەبنە هۆی چەقبەستوویی سیاسی، ململانێی توندی ناوخۆیی لەسەر پۆست و دەسەڵات، و پەککەوتنی پرۆسەی پێکهێنانی کابینەکانی حوکمڕانی، دەروازەکان بۆ دەستێوەردانی دەرەکی واڵا دەبن.
مێژوو سەلماندوویەتی کە نەیارانی ئێمە لە کاتی ململانێی ناوخۆیی کورددا، گەورەترین دەستکەوتیان کۆکردووەتەوە. کاتێک پایتەختە هەرێمییەکان دابەشبوونی نێوان ماڵی کوردی دەبینن، پێگەی گشتیی کورد لاواز دەبێت. تەنها بە یەکدەنگی و ڕێککەوتنی نیشتمانیی هاوسەنگ لەسەر بنەمای شەراکەتی ڕاستەقینە، دەتوانرێت پارێزگاری لە بوونی نەتەوەیی و قەوارەکەمان بکرێت.

مێژووی هاوچەرخی نەتەوەکەمان بەبێ ناوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەو قوربانییە بێپایانەی کە خەڵک، پێشمەرگە و تاکی ئەو بەشە پێشکەشیان کردووە، ناتەواو دەبێت. ڕۆژهەڵات هەمیشە چەق و داینەمۆی فیکری نەتەوەیی و جۆشدانەوەی ڕۆحی بەرگری بووە. کاتێک کەمپەکانی نیشتەجێبوونی ئەوان لە قووڵایی خاکی هەرێمدا دەکرێنە ئامانجی مووشەکی زاڵمانە و خوێنی پاکی پێشمەرگەکان دەڕژێت، پەیامێکی ڕوون بە گوێی هەموو تاکی کورددا دەدات کە دوژمنانی کورد چاوپۆشی لە هیچ دەنگێکی ئازادیخواز ناکەن.
شەهیدبوونی هاونیشتمانیانمان لە کەمپەکاندا، تەنها لێدان نییە لە حیزبێکی سیاسی، بەڵکو هەوڵێکە بۆ سڕینەوەی ئیرادەی نەتەوەیی؛ بەڵام مێژوو دەیسەلمێنێت کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەمیشە لە ناو خۆڵەمێشی جەنگ و سەرکوتکردنەوە، بە ڕۆحیەتێکی بەهێزتر و هۆشیارییەکی قووڵترەوە ڕاست بووەتەوە. ئەرکی تاکی کوردە کە لە ئاستی نێودەوڵەتی و میدیاییدا، ببێتە دەنگی ئەم قوربانییە گەورەیە و ڕێگە نەدات دۆسیەی شەهیدانی ڕۆژهەڵات لە ناو هاوکێشە دیپلۆماسییە کاتییەکاندا پەراوێز بخرێت.

قۆناغی ئێستا، قۆناغی خەوتنی فیکری و بێلایەنی نییە. گۆڕانکاریی توندی هاوکێشەکان لە ناوچەکەدا پێمان دەڵێن کە جیهانی نوێ ڕێز لە لاواز و دابەشبوو ناگرێت. ئەرکی ئێمە وەک تاکی کورد، وەک ڕاگەیاندنی نیشتمانی و وەک قەڵەمە ئازادەکان، ئەوەیە کە ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکانمان نەکەینە هۆکاری وێرانکردنی بنەما نەتەوەییەکانمان، بەڵکو هۆشیارییەکە ئاڕاستەی فشارخستنە سەر لایەنە سیاسییەکان بکەین تا دژایەتیی یەکتر ڕاگرن و بەرەیەکی نیشتمانیی یەکگرتوو پێکبهێنن. مانەوەی ئێمە و پاراستنی خوێنی شەهیدانی پێشمەرگە و ئازادی، تەنها لە گرێدانی بازووی تاکی کورددایە بە دۆزی ڕەوای نەتەوەکەیەوە.

#ڕۆژهەڵات #کوردستان

07/17/2026

ئاکسیۆس پەردە لەسەر 'پڵانی هێرشە بەرفراوانەکەی ترەمپ' بۆ سەر ئێران لادەدات

ماهات میدیا

هاوکات لەگەڵ چڕبوونەوەی شەڕی دەریایی و ئاسمانی لە ناوچەکەدا، ماڵپەڕی "ئاکسیۆس"ی ئەمریکی لە زاری بەرپرسانی باڵای واشنتۆن و تەلئەبیبەوە، وردەکاریی نوێی لەبارەی نەخشەی هێرشە چاوەڕوانکراوەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاشکرا کرد، کە پێدەچێت هاوکێشەکان بە تەواوی بگۆڕێت.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی "ئاکسیۆس"، دوای کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی کۆشکی سپی، بڕیار لەسەر هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر ئێران دراوە. هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ تا ئێستا بڕیاری کۆتایی نەداوە، بەڵام بژاردە سەرەکییەکانی سەر مێزەکە بریتین لە:
لێدان لە ژێرخانی وزە: بە ئامانجی وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی تاران.
پەکخستنی پڕۆژەی ئەتۆمی: هێرشی نوێ بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان بە مەبەستی لاوازکردنی توانای پیتاندنی یۆرانیۆم.
ئامانجی سەرەکیی ترەمپ لەم فشارە توندە، ناچارکردنی تارانە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی و دابینکردنی کەشتیوانیی ئازاد لە گەرووی هورمزدا.

لە مەیدانی جەنگیشدا، هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا بۆ پێنجەمین ڕۆژی لەسەریەک هێرشەکانیان بۆ سەر ئامانجە ئێرانییەکان لە گەرووی هورمز و کەناراوەکانی باشووری ئێران بەردەوامە.
بەرپرسێکی ئەمریکی بە ماڵپەڕەکە پڕچەکبوونی هێرشەکانی پشتڕاستکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە: "لانیکەم حەوت پردی ستراتیژی لە ناوچەی بەندەر عەباس کە ناوەندی سەرەکیی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای پاسدارانە ڕوخێنراون." بەمەش گواستنەوەی کەرەستەی سەربازی، تەقەمەنی و هێزی پشتیوانی بۆ گەرووی هورمز بە تەواوی پەکخراوە.
لە بەرامبەردا، ئێران هێرشەکانی بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە ئوردن، قەتەر، بەحرەین، کوەیت و هەرێمی کوردستان چڕتر کردووەتەوە. سوپای پاسداران بانگەشەی لێدانی بنکەیەکی ئەمریکای لە سوریا کردووە، بەڵام ئاکسیۆس جەخت دەکاتەوە کە هێزەکانی ئەمریکا چەند مانگێکە لەو دامەزراوەیە کشاونەتەوە و چۆڵ بووە.

لە ڕووی لۆجستییەوە، ئەمریکا نزیکەی ٦٠ فڕۆکەی سووتەمەنی ئاسمانی (کە بۆ ڕێگەدوورەکان و فڕۆکە جەنگییەکان زۆر گرنگن) لە ئیسرائیل جێگیر کردووە؛ نیوەیان لە فڕۆکەخانەی بن گوریۆن و نیوەکەی تریش لە فڕۆکەخانەی ڕامۆن لە باشوورن. پێشبینی دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا فڕۆکەی زیاتریش بگەن، ئەمەش هێزی ئەمریکا دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو ئاستەی لە سەرەتای جەنگەکەدا هەیبوو.
بەرپرسانی ئیسرائیل مەزەندە دەکەن کە تاران لە ترسی تۆڵەی قورسی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل، هێشتا خۆی لە هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر تەلئەبیب دەپارێزێت. لەم چوارچێوەیەدا، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پەیامێکی توندی ئاڕاستەی تاران کرد و وتی: "تەنیا یەک شتم بۆ سەرکردەکانی ئێران هەیە: چاوەڕێی ئەوە مەکەن ئەگەر هێرش بکەنە سەرمان بێدەنگ بین، ئەمە دووبارەبوونەوەی ڕابردوو نابێت و وەڵامی ئێمە زۆر بەهێزتر دەبێت."

ئەم زانیارییانەی ئاکسیۆس دەیسەلمێنن کە ناوچەکە لەبەردەم "شەڕی هەمەلایەنە" یان "تەسلیمبوونی گەورەی تاران" دایک دەبێتەوە. لێدانی پردەکانی بەندەر عەباس گورزێکی کەمەرشکێنە لە هێزی دەریایی سوپای پاسداران، جێگیرکردنی ٦٠ فڕۆکەی سووتەمەنی ئاسمانیش لە ئیسرائیل مانای وایە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا ئامادەکراون بۆ گەشتە دوور مەوداکانی سەر ئاسمانی تاران و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی نەتەنز و فۆردۆ. ناردنی درۆن بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە کوەیت و کوردستان، دوا کارتەکانی ئێرانی مۆحەسەرکراون بۆ ڕاگرتنی ئەم پڵانە گەورەیەی ترەمپ.

سەرچاوەی ڕاپۆرت: ماڵپەڕی ئاکسیۆس (Axios) ی ئەمریکی
ئامادەکردنی: بەشی هەواڵ و شیکاریی ماهات میدیا

#ڕۆژهەڵات #کوردستان #ایران #ئەمریکا

07/17/2026

عەبدوڵا موهتەدی هەڕەشەی تۆڵەی شەهیدەکان لە ئێران دەکات

ماهات میدیا

له‌ کاتژمێرەکانی سەرەتای سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینیدا، گرژییە ئەمنییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوخۆی خاکی هەرێمی کوردستاندا گەیشتە لووتکە، ئەمەش پاش هێرشێکی مووشەکیی قورس کە زیانی گیانیی لێکەوتەوە.

عەبدوڵا موهتەدی، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، لە ڕێگەی هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" (تویتەری پێشوو)، پەیامێکی بەپەلە و توڕەی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕایگەیاند: "سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی، یەکێک لە کەمپەکانی کومەڵە لە ناوچەی زرگوێزی سەر بە پارێزگای سلێمانی، لەلایەن سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کەوتە بەر هێرشی مووشەکیی سەخت و قورس."
موهتەدی قەبارەی زیانەکانی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند کە بەهۆی ئەم هێرشەوە، بەداخەوە ٩ پێشمەرگە شەهید بوون و ژمارەیەکی تریش لە هاوڕێیانیان بریندار بوون.

سکرتێری گشتیی کۆمەڵە بە توندترین شێوە ئیدانەی ئەم کردەوەیەی سوپای پاسدارانی کرد و بە "تاوانکاریی گەورە" ناوزەدی کرد. موهتەدی ڕاستەوخۆ هەڕەشەی لە دەسەڵاتدارانی تاران کرد و وتی: "ئەم تاوانە گەورەیەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە هیچ جۆرێک بێ وەڵام نابێت. تاوانبارانی ئەم کردەوەیە ئاگادار دەکەمەوە کە ڕۆژی کۆتاییتان زۆر نزیکبووەتەوە؛ ناتوانن لە تۆڵەی گەل و دەستی دادپەروەری ڕزگارتان بێت و بە توندی سزا دەدرێن."

موهتەدی لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرەخۆشیی خۆی و سەرکردایەتیی حیزبەکەی ئاڕاستەی بنەماڵەی شەهیدەکان، خەڵکی کوردستان و سەرجەم ئازادیخوازانی ئێران کرد و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ بریندارانی ڕووداوەکە خواست.

ئەم هێرشە کتوپڕە تەنها چەند ڕۆژێک دوای پێشکەوتنی دانوستانەکانی سویسرا دێت لە نێوان جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسانی تاران، کە تێیدا باسی کراوەیی گەرووی هورمز و کەمکردنەوەی گرژییەکان کرابوو.
لێکدانەوەی سیاسی بۆ ئەم هێرشە نیشانی دەدات کە:
١. ناردنی پەیامی ناوخۆیی و ئیقلیمی: تاران دەیەوێت بەم هێرشە مووشەکییە قورسە بیسەلمێنێت کە ڕێککەوتن یان دانوستانەکانی لەگەڵ واشنتۆن لە سویسرا، بە مانای پاشەکشەکردنی نییە لە مەلەفی ئەمنی و سەرکوتکردنی نەیارەکانی لە دەرەوەی سنوورەکان، بەتایبەت حیزبەکانی ڕۆژهەڵات.
٢. فشار بۆ سەر زۆنی سەوز: زرگوێز کەوتووەتە قووڵایی ناوچەی نفوزی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی. ئەم هێرشە لەم کاتەدا، فشارێکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر باڵی بڕیاردەری یەکێتی پێش هەموارکردنەوە و ڕێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ نەوەی نوێ و پارتی، تا تاران بیسەلمێنێت کە هێشتا کلیلە ئەمنییەکانی ناوچەکە لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەواندایە.

#کوردستان #ایران #ڕۆژهەڵات

07/15/2026

لە ئیسرائیل دیزاین کراوە، دروستکراوە لە
کوردستان، بە قاچاخ لە ڕێگەی ئوردنەوە دەگوازرێنەوە:
چەکی نادیار لافاوی ئیسرائیل دەگرێتەوە

وەرگێرانی ماهات میدیا

لێکۆڵینەوەیەکی ڕۆژنامەی هارتس شوێنپێی قاچاخچێتی سەدان چەک هەڵدەگرێت کە لە دەمانچەی دروستکراوی ئیسرائیلییەوە کۆپیکراون، لە عێراق بەندوباونەکراونەتەوە (ئەندازیاری پێچەوانەیان بۆ کراوە) و بە قاچاخ گەڕێندراونەتەوە بۆ ئیسرائیل، لەوێش گەیشتوونەتە دەستی گروپە چەکدارەکان و باندە تاوانکارییەکان.
نووسینی: عۆدید یارۆن (Oded Yaron)
٨ی تەممووزی ٢٠٢٦
لە قووڵایی کوردستانی عێراق، لە نزیک سنووری ئێران، پێش دەیەیەک کارگەیەکی چەک دامەزرا. دەستپێشخەرییەکە لەلایەن پارتی سیاسی دەسەڵاتداری ناوچەکەوە بوو، لە کاتێکدا پارەدارکردنەکەی لەلایەن کۆمپانیای وەبەرهێنانی فاروق (Faruk Investment Group) دابینکرا، کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیا زەبەلاحەکانی عێراق. بەڕێوەبردنەکەی بەسەرپەرشتی ئەمریکییەک بە ناوی ڕۆس ڕۆجیۆ (Ross Roggio) بوو؛ ناوبراو سەربازێکی پێشووی سوپای ئەمریکا بوو کە لە کۆتاییدا پرۆژەکەی لە کوردستان بە سزادانی بەهۆی قاچاخچێتی چەک و ئەشکەنجەدان کۆتایی هات و حوکمی ٧٠ ساڵ زیندانی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەسەردا سەپێندرا.
لەو کاتەوە، هەزاران تفەنگ و دەمانچە کە لەو کارگەیەدا دروستکراون، لە بازاڕە ڕەشەکانی سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاوبوونەتەوە. لێکۆڵینەوەیەکی هارتس دەریخستووە کە لانی کەم ٢٠٠ لەم چەکانە بە قاچاخ براونەتە ناو ئیسرائیل و کەناری ڕۆژاوا، کە دواتر هەندێکیان لە هێرشە چەکدارییەکان و تیرۆرکردنی تاوانکاریدا بەکارهێنراون. بەڵام ئەمە تاکە پەیوەندیی ئیسرائیلیی ئەم چیرۆکە نییە؛ لێکۆڵینەوەکە ئەوەش ئاشکرا دەکات کە زۆربەی ئەو چەکانەی لە کوردستان بەرهەم دەهێنرێن، کۆپی تفەنگ و دەمانچەی دیزاینکراوی ئیسرائیلین.
لە ئیسرائیل، گفتوگۆکان دەربارەی قاچاخچێتی چەک بەزۆری سەرنج دەخەنە سەر ئەڵقە کۆتاییەکانی زنجیرەی دابینکردنەکە: وەک ئەو درۆنانەی لە سنووری میسرەوە دەپەڕنەوە، یان ئەو بارانەی لە نزیک سنووری ئوردن دەستیان بەسەردا دەگیرێت. سەرنجێکی زۆر کەمتر دەدرێتە سەر ئەوەی کە چەکەکان لە کوێوە سەرچاوە دەگرن. بەڵام لە نێوان توێژەرانی نێودەوڵەتیی بواری چەکدا، وێنەکە زۆر جیاواز دەردەکەوێت.

لە ساڵانی ڕابردوودا، براندێکی نادیاری چەک بە ناوی گروپی بەرگری دەلتە - دی.دی.جی (Delta Defense Group - D.D.G) سەرنجێکی زۆری ڕاکێشاوە، ئەمەش دوای ئەوەی توێژەران تێبینی لۆگۆیەکی بازنەیی نەناسراویان کرد کە شێوەی قەڵای شەترەنجی لەسەرە و لە پشتییەوە گڕی ئاگر هەیە. هەندێک نیشانەشیان بۆ هاوشێوەیی نێوان لۆگۆکە و نیشانی فەرماندەیی هێزە تایبەتەکانی سوپای ئەمریکا کردووە.
توێژینەوەیەک لەلایەن سەنتەری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ئەکادیمیای سەربازی ئەمریکا لە وێست پۆینت (West Point)، کە پشکنینی بۆ بازدانی قاچاخچێتی چەک بۆ ناو ئیسرائیل لە هاوینی ساڵی ٢٠٢٣دا کردووە، دەریخستووە کە سەدا ٩٠ی "[...] چەکە قاچاخەکان کە لە ڕێگەی ئوردنەوە دێنە ژوورەوە دەمانچەن" و "زۆربەی دەمانچە دەستبەسەرداگیراوەکان لەلایەن گروپی بەرگری دەلتەوە بەرهەم هێنراون."
هارتس لەگەڵ چەند پسپۆڕێکدا قسەی کردووە کە ساڵانێکە شوێنپێی ڕێڕەوی ئەم چەکە نادیارانە دەگرن.

میک ئێف (Mick F.)، شیکەرەوە لە ڕێکخراوی خزمەتگوزارییەکانی توێژینەوەی چەکەمەنی (ARES) - کە کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاری تایبەتمەندە لە بواری چەک و تەقەمەنیدا - بە هارتس دەڵێت: "ئەم چەکانە لە بازاڕی ڕەشی عێراقدا دەفرۆشرێن و هەندێکیان لەوێوە بۆ ئوردن و سووریا قاچاخ دەکرێن." ئەو دەڵێت تفەنگەکانی ئەم براندە، و بە تایبەتی دەمانچەکانی، بە شێوەیەکی بەربڵاو لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاوبوونەتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات: "هەندێکیان تەنانەت ڕێگەی خۆیان بۆ وڵاتانی دوورتر دۆزیوەتەوە، وەک ئینگلتەرا و لیبیا."
بە وتەی ئەم شیکەرەوەیە، بوونی بەربڵاو و نائاسایی چەکەکانی دروستکراوی DDG لە بازاڕە نایاساییەکانی چەکدا، بە توندی ئەوە نیشان دەدات کە ئەوان بە تایبەتی بۆ قاچاخچێتی نایاسایی بەرهەم دەهێنرێن.

چەکەکانی DDG لە ڕێگەی دوو ڕێڕەوی سەرەکییەوە دەگەنە ئیسرائیل. میک ئێف ڕوونی دەکاتەوە: "زۆربەی ئەو چەکانەی DDG کە بینیومن، یان لە بازاڕی نایاسایی عێراقدا پێشکەش دەکرێن یان بۆ سووریا، لوبنان، ئوردن و کەناری ڕۆژاوا قاچاخ دەکرێن. من ئاگاداری دوو ڕێڕەوم بۆ ناو ئیسرائیل: یەکەمیان لە ڕێگەی کەناری ڕۆژاوایە، کە دەمانچەکان لە ئوردنەوە دەگەن؛ دووەمیشیان لە ڕێگەی لوبنانەوەیە، کە دەمانچەکان لە سووریاوە دەگەن."
شلومۆ مۆفاز (Shlomo Mofaz)، بەڕێوەبەری سەنتەری مایر عامیت بۆ زانیارییەکانی هەواڵگری و تیرۆر (ITIC)، دەڵێت ئەم تۆڕە قاچاخچێتییانە هێڵی نێوان تاوانی ڕێکخراو و چەکداریی لێڵ دەکەن. ئەو هەروەها ئەم بابەتە دەبەستێتەوە بە هەوڵە بەردەوامەکانی ئێران بۆ پڕچەککردنی چەکدارانی حەماس لە کەناری ڕۆژاوا؛ ئۆپەراسیۆنێک کە لەلایەن فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە بەڕێوەدەبرێت.
مۆفاز دەڵێت: "ئیسرائیل ساڵی ڕابردوو هەم فەرماندەی یەکەکە و هەم جێگرەکەی کوشت، بەڵام هەموو کەسێک شوێنگرەوەی هەیە."

ساڵح عاروری، بەرپرسی باڵای حەماس، لە ئابی ٢٠٢٣دا - نزیکەی شەش مانگ پێش ئەوەی لە هێرشێکی ئامانجدار و دەستنیشانکراوی ئیسرائیلدا بکوژرێت - وێنەیەکی گیرابوو کە تفەنگێکی دروستکراوی کۆمپانیای DDG لە تەنیشتی بوو.
پەیوەندییە ئەمریکییەکە
لە کاتێکدا چەکەکانی DDG لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاودەبوونەوە، سەرچاوەکەیان بە نادیاری مابووەوە.
یەکەم سەرەداو کەمێک دوای دامەزراندنی کارگەکە لە ساڵی ٢٠١٦دا دەرکەوت، کاتێک نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI) دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد لە گومانی هەناردەکردنی بێ مۆڵەتی پێکهاتەکانی چەک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە بۆ عێراق. لێکۆڵینەوەکە بریکارەکانی گەیاندە لای ڕۆس ڕۆجیۆ، سەربازێکی پێشوو لە ویلایەتی پێنسلڤانیا، کە سەرکەوتن و رووخانی دراماتیکی ئەو لە لێکۆڵینەوەیەکی ساڵی ٢٠٢٣ی گۆڤاری ڕۆڵینگ ستۆن (Rolling Stone)دا بە درێژی خرابووە ڕوو.

ڕۆجیۆ پێشتر مێژوویەکی پڕ لە کێشەی لە پیشەسازی چەکدا هەبوو. لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠دا، کۆمپانیایەکی دامەزراند کە تفەنگی هێرشبەری بەبازاڕ دەکرد، بەڵام زۆری نەخایاند دەرکەوت کە چەکەکانی کەمومکوڕییان تێدایە. هەرچەندە کارەکەی هەرەسی هێنا، بەڵام ڕۆجیۆ لە پیشەسازییەکەدا بە چالاکی مایەوە.
پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەندامانی هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا یارمەتیدەر بوون بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسانی باڵا لە کوردستانی عێراق، کە دەیانویست توانای ناوخۆیی بۆ بەرهەمهێنانی چەک دابمەزرێنن.
بەپێی وتارەکەی ڕۆڵینگ ستۆن و بەڵگەنامەکانی دادگا، ڕۆجیۆ لە ساڵی ٢٠١٤دا لەلایەن سەرکردەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەنەکە)وە دامەزراوە، کە کۆنترۆڵی پارێزگای سلێمانی لە عێراق دەکات لە نزیک سنووری ئێران. ئەو لە ژێر دەستی دوو برا لە بنەماڵەی کاریگەری تاڵەبانی کاری دەکرد: پۆڵاد تاڵەبانی کە سەرۆکایەتی گروپی دژەتیرۆری پارتییەکەی دەکرد، و لاهور تاڵەبانی کە ئەو کات هاوسەرۆکی یەکێتی و بەرپرسی دەزگای زانیاری بوو.

ئامانجی ئەوان دروستکردنی هێڵێکی بەرهەمهێنان بوو کە توانای بەرهەمهێنانی ٣٠٠٠ تفەنگی هێرشبەر و هەزاران دەمانچەی شێوازی "گڵۆک"ی هەبێت لە هەر مانگێکدا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، کە هێزی سەربازیی کوردستانی عێراقن. تا ساڵی ٢٠١٦، کارگەکە بە زەحمەت کاری دەکرد و کێشەکان خێرا دەرکەوتن.
ڕۆجیۆ بە مووچەی ساڵانەی خۆی کە نزیکەی ١ ملیۆن دۆلار بوو ڕازی نەبوو. بەپێی وتەی داواکارانی گشتی، ئەو لە جیاتی ئەوە ملیۆنان دۆلاری بۆ کڕینی کاژێری لوکس و ئۆتۆمبێلی وەرزشی بەلاڕێدا بردبوو کە بۆ ئامێرەکانی بەرهەمهێنان تەرخانکرابوون. بۆ داپۆشینی ئەو کورتهێنانەیش، ئامێری کوالێتی نزمەتری کڕیبوو و نەیتوانیبوو پێوەرەکانی بەرهەمهێنان جێبەجێ بکات.
کاتێک ترسی ئەوەی هەبوو یەکێک لە کارمەندەکانی فێڵەکەی ئاشکرا بکات، ڕۆجیۆ ڕێکخستنی کرد بۆ ئەوەی سەربازە خۆجێییەکان ئەو پیاوە بڕفێنن و بۆ ماوەی نزیکەی ٤٠ ڕۆژ ئەشکەنجەی بدەن.

ئەم پلانە کاتێک دەستی بە هەڵوەشانەوە کرد کە FBI لێکۆڵینەوەکانی لەسەر هەناردەکردنی نایاسایی پارچەکانی چەک دەستپێکرد. ڕۆجیۆ لە ساڵی ٢٠١٧ لە کاتی سەردانێکیدا بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان دەستگیرکرا. لە ساڵی ٢٠٢٢دا، لە دادگای فیدراڵی لە پێنسلڤانیا دادگایی کرا بە تۆمەتگەڵێک کە قاچاخچێتی چەک و ئەشکەنجەدانی لەخۆدەگرت. ساڵی دواتریش تاوانبار ناسیرا و سزای ٧٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.
لە ڕۆژئاوا، بە گشتی بە شێوەیەکی ئەرێنی سەیری کورد دەکرێت، ئەمەش بەشێکی بەهۆی شەڕیان دژی گروپە توندڕەوە ئیسلامییەکانی وەک داعش. بەپێی ڕاپۆرتەکان، ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکان تەنانەت لە شەڕی ئەمساڵدا لەگەڵ ئێران چەکیان داوە بە هێزە کوردییەکان بەو هیوایەی هێرشێکی زەمینی بۆ ناو ئێران دەستپێبکەن. بەڵام واقیعەکە ئاڵۆزترە، وەک ئەلیزابێس تسورکۆڤ (Elizabeth Tsurkov)، توێژەر لە کۆڕی بیرکردنەوەی ناوچەیی لە پەیمانگای ڤان لیر لە قودس ڕوونی دەکاتەوە.

تسورکۆڤ ئاماژە بەوە دەکات کە کوردستانی عێراق لەلایەن دوو پارتی سیاسی ڕکابەرەوە بەڕێوەدەبرێت، کە هەر لایەنێک دەزگای ئاسایشی دڵسۆزی خۆی هەیە. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەنەکە) کە لە پشت کارگەی چەکەکەوەیە، پەیوەندییەکی سیاسی و ئابووری نزیک لەگەڵ ئێران دەپارێزێت.
ئەو دەڵێت: "جگە لەوەش، ئەندامانی یەکێتی پەیوەندی زۆر بەهێزیان لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ئێران لە ناو عێراقدا هەیە، لەوانەش ئەو میلیشیایانەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکان وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی دەستنیشانیان کردوون."
پەیوەندییە ئیسرائیلییەکە
چەکەکانی DDG بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٩دا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن شیکەرەوەکەی ARESـەوە دەستنیشانکران کە لەگەڵ هارتس قسەی کرد. لە زنجیرە ڕاپۆرتێکدا بۆ گروپی توێژینەوەی (Silah Report)، ئەو باسی لەوە کرد کە ئەگەر هەیە DDG کۆمپانیایەکی وەهمی (پەردەپۆش) بێت و چەند وڵاتێکی ئەگەری وەک سەرچاوەی تفەنگ و دەمانچەکان پێشنیار کرد، لەوانە چین، تورکیا و ئیسرائیل.
لەو کاتەوە، ئەم بەرهەمهێنەرە نادیارە لە ماڵپەڕ و کۆڕبەندەکانی تریشدا باسی لێوە کراوە، لەوانە (Small Arms Tracker) و کۆڕبەندی سەربازی و ئاسایشی ئیسرائیلی (Fresh). توێژەران و ئارەزوومەندانی چەک بە هەمان شێوە لۆگۆی DDGـیان لەسەر ئەو چەکانە ناسیوەتەوە کە لە تێلیگرام بۆ فرۆشتن پێشکەش دەکرێن. هندێکی تریش لەو وێنانەدا بینیویانە کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیلەوە بڵاوکراونەتەوە.

لە هەوڵێکدا بۆ چارەسەرکردنی مەتەڵی سەرچاوەی چەکەکان، توێژەران بەراوردی دیزاینەکانیان کرد. هەموویان گەیشتنە هەمان ئەنجام: زۆربەی ئەو تفەنگ و دەمانچانەی کە لۆگۆ نادیارەکەیان لەسەرە، لە نێزیکەوە هاوشێوەی چەکە ئیسرائیلییەکانن.
شیکارییەکی هارتس کە لەسەر بنەمای دەیان وێنە و چاوپێکەوتن لەگەڵ پسپۆڕانی چەک ئەنجامدراوە، پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئەوان کۆپی چەکە دیزاینکراوە ئیسرائیلییەکانن. وا دیارە سێ چەکی DDG لە ئەسڵە ئیسرائیلییەکانەوە کۆپیکرابن:
یەکێک لە مۆدێلەکانی تفەنگی DDG M4 بە دڵنیاییەوە لە تفەنگی MZ-4 کۆپیکراوە کە لەلایەن کۆمپانیای ئیمتان (Emtan)ی ئیسرائیلی لە شاری کارمیێل بەرهەم دەهێنرێت.
دەمانچەکانی DDG 19 لەسەر بنەمای پلاتفۆرمی گڵۆکی نەمساوین، بەڵام پێدەچێت بە تایبەتی لە دەمانچەی رامۆن (Ramon)ی کۆمپانیای ئیمتان کۆپیکرابن، کە دەمانچەیەکی گونجاوە لەگەڵ سیستمی گڵۆکدا.
دەمانچەکانی DDG C5 و C6 بە پێشەکی لە مۆدێلەکانی چێرۆکی (Cherokee) و (Cherokee FS)ی دروستکراوی کۆمپانیای بوڵ ئارمۆری (Bul Armory)ی ئیسرائیلی کۆپیکراون.

ئەم هاوشێوەییە تەنانەت بۆ ئەو هۆشدارییەش دەڕوات کە لەسەر دەمانچەکان هەڵکەندراوە: "Warning: Read manual before operating" (هۆشداری: پێش کارپێکردن نامێلکەی ڕێنماییەکان بخوێنەرەوە).
ئەو پسپۆڕانەی هارتس چاوپێکەوتنی لەگەڵ کردوون هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە چەکەکان بە دڵنیاییەوە لە مۆدێلە ئیسرائیلییەکانەوە کۆپیکراون.
سەرچاوەیەک کە ساڵانێک لە پیشەسازی بەرگری ئیسرائیلدا کاری کردووە، دەڵێت: "ئەو قاڵبانەی بۆ بەرهەمهێنانی چوارچێوەی دەمانچەکانی DDG بەکاردەهێنرێن، تایبەتمەندییەکی وایان تێدایە کە هاوشێوەی دەمانچەی رامۆنی ئیمتان و چێرۆکیی بوڵ ئارمۆرین."
جۆناسان فێرگسۆن (Jonathan Ferguson)، سەرپەرشتیاری چەک و تۆپخانە لە مۆزەخانەی چەکخانەی شاهانە لە لیدز، بە هارتس ڕاگەیاند کاتێک دەسەڵاتدارانی بەریتانیا پرسیاریان لێکردووە دەربارەی دەمانچەیەکی DDG کە لە شانشینی یەکگرتوو دەستی بەسەردا گیراوە، ئەو ئاراستەی کردوون بۆ وتارێکی Small Arms Tracker کە تیشک دەخاتە سەر هاوشێوەییە سەرسوڕهێنەرەکان لەگەڵ دیزاینە ئیسرائیلییەکاندا.
هارتس پێداچوونەوەی بۆ دەیان وێنە و ڤیدیۆ کردووە کە لەلایەن سوپای ئیسرائیل و پۆلیسی ئیسرائیلەوە بڵاوکراونەتەوە و بۆی دەرکەوتووە کە بەشێکی بەرچاوی ئەو چەکانەی لە پێنج ساڵی ڕابردوودا بە قاچاخ براونەتە ناو ئیسرائیل، ئەم چەکە کۆپیکراوانە بوون کە لە کارگەکەی کوردستاندا دروستکراون.
بەپێی لێکۆڵینەوەکە، لە ساڵی ٢٠٢١ەوە نزیکەی ٢٠٠ تفەنگ و دەمانچەی DDG کە لە دیزاینە ئیسرائیلییەکانەوە کۆپیکراون، بە قاچاخ براونەتە ناو ئیسرائیل. زۆربەیان لە ڕێگەی ئوردنەوە هاتوونەتە ژوورەوە، لە کاتێکدا ژمارەیەکی کەمتریان لە ڕێگەی سووریاوە هاتوون. ئەگەری زۆرە ژمارە ڕاستەقینەکە بە شێوەیەکی بەرچاو زیاتر بێت؛ چونکە زۆرێک لە وێنە بڵاوکراوەکان ڕێگە بە ناسینەوەی باوەڕپێکراوی چەکەکان نادەن، و دەزگا ئەمنییەکانی ئیسرائیلیش هەمیشە وێنەی چەکە دەستبەسەرداگیراوەکان بڵاوناکەنەوە.

بارێکی دەستبەسەرداگیراو لەسەر سنووری ئوردن هەروەها تفەنگی تێدابوو کە براندی (Eagle Fi****ms Ltd)ی لەسەر بوو، کە وەک لە کاتی دادگاییکردنی ڕۆجیۆدا ئاشکرا بوو، لە هەمان کارگە لە کوردستان بەرهەم هێنرابوون.
لەسەر بنەمای زانیارییە گشتییە بەردەستەکان، قاچاخچێتی چەکەکانی دروستکراوی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٢دا گەیشتە لووتکە. بەڵام ئەو چەکانە بەردەوامن لە بسوورانەوە لەناو ئیسرائیلدا، و لە کۆتاییدا دەگەنە دەستی گروپە چەکدارەکان و ڕێکخراوە تاوانکارییەکان.
بۆ نموونە، لە شوباتی ٢٠٢٣دا، ئیلان گانێلس (Elan Ganeles) لە هێرشێکی چەکداریدا لە نزیک باکووری دەریای مردوو بە دەمانچەیەکی DDG کوژرا، وەک ئەوەی یەکەمجار لەلایەن بلۆگی ئینتێلی تایمز (Intelli Times)ەوە ڕاپۆرتکرا. مانگی ڕابردوو، هێزەکانی ئیسرائیل لە تۇلکەرم دەستیان بەسەر دەمانچەیەکی DDGدا گرت کە لە مۆدێلی چێرۆکیی کۆمپانیای بوڵ ئارمۆری کۆپیکرابوو. لە مانگی ئازاردا، دەمانچەیەکی تری هەمان مۆدێل لە لایەن دوو گومانلێکراوەوە دۆزرایەوە کە تۆمەتباربوون بە هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی باندێک لە گەڕەکی تێل باروخی تێل ئەڤیڤ.
کەواتە چۆن دیزاینی چەکە ئیسرائیلییەکان ڕێگەی خۆیان بۆ کارگەکەی کوردستانی عێراق دۆزیوەتەوە؟ تا ئێستا نە پسپۆڕان و نە ئەو سەرچاوانەی هارتس چاوپێکەوتنی لەگەڵ کردوون وەڵامێکی یەکلاکەرەوەیان نییە.

ڕۆجیۆ لە شایەتحالیدا لە کاتی دادگاییکردنەکەیدا وتی کە سێ تفەنگی نموونەی دابینکردووە بۆ کارمەندانی کارگەکە تا ئەندازیاری پێچەوانەی بۆ بکەن: تفەنگێکی دروستکراوی چین، یەکێکی تر کە لەلایەن کۆمپانیای کۆڵت (Colt)ی ئەمریکییەوە دروستکراوە، و تفەنگێکی "ئیسرائیلی".
هارتس کارمەندێکی پێشووی کارگەکەی دۆزیوەتەوە و چاوپێکەوتنی لەگەڵ کردووە، ئەو پشتڕاستی کردووەتەوە کە ئەندازیارەکان پێش دەستپێکردنی بەرهەمهێنان، ئەندازیاری پێچەوانەیان بۆ ئەو چەکانە کردووە کە لەلایەن ڕۆجیۆوە دابینکراون. ئەو وتی نازانێت چەکە ئەسڵییەکان لە کوێوە هاتوون و گومانی هەبوو کە خودی ڕۆجیۆش بیزانێت، چونکە لەلایەن کەسانی ترەوە دابینکرابوون.
کارمەندە پێشووەکە وتی: "ئەو حەزی بە گێڕانەوەی ئەو چیرۆکانە دەکرد کە وای لێدەکرد باشتر دەربکەوێت. لەو چیرۆکانەدا، هەمیشە شتێک هەبوو کە بە قاچاخ دەهێنرا." بە وتەی ئەم کارمەندە پێشووە، ئەندازیارەکان تەنها پشتیان بە نموونە فیزیاییەکان نەبەستووە، بەڵکو پشتیان بە زانیارییەکی بەرفراوانیش بەستووە کە لە سەرچاوە ئۆنلاینەکانەوە کۆکراونەتەوە.

هارتس پەیوەندی بە ئیمتان و بوڵ ئارمۆرییەوە کردووە بۆ لێدوان. کۆمپانیای ئیمتان ڕایگەیاند: "ئێمە ئاشنا نین بەو بابەتەی لە وتارەکەدا باسی لێوە کراوە و هیچ پەیوەندییەکمان پێوەی نییە." سەرچاوەیەک لە ئیمتان بە هارتس ڕاگەیاندووە کە لە کاتێکدا کۆمپانیاکە ناوبەناو دەبیستێت کە دیزاینی چەکەکانی کۆپیکراون، بەڵام بە تەواوی نائاشنا بووە بە کارگەکەی کوردستان و وتی کۆمپانیاکە هیچ پەیوەندییەکی بەو کارگەیەوە نییە و نەبووە. کۆمپانیای بوڵ ئارمۆریش ئامادە نەبوو لێدوان بدات.
ئەو وێنانەی لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا لە گروپەکانی بازرگانیکردنی چەک لە تێلیگرامدا بڵاوکراونەتەوە، ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو چەکانەی مۆری DDGـیان لەسەرە بەردەوامن لە چوونە ناو بازاڕی ڕەشەوە، لەوانەش مۆدێلە نوێیە دیزاینکراوەکان. ئەمەش ئەوە پیشان دەدات کە کارگەکەی سلێمانی هێشتا لەوانەیە کار بکات. میک ئێف لە ARES بە هەمان شێوە بە هارتس ڕاگەیاند کە ئەو بەردەوامە لە بینینی دەمانچەکانی دروستکراوی DDG لە بازاڕدا.

لەکاتی خۆیدا و بە شێوەیەکی سەیر، چەکە کۆپیکراوەکان زۆرجار بە نرخێکی زیاتر لە ئەسڵە ئیسرائیلییەکان دەفرۆشرێن، کە ئەمەش دیاردەیەکی باوە لە بازاڕە نایاساییەکانی چەکدا. دەمانچەیەکی DDG C5 لە ئۆنلایندا بە نزیکەی ١٤٠٠ دۆلار ڕیکلامی بۆ دەکرێت، لەگەڵ وەرگرتنەوەی لە کوردستان. هەمان دەمانچە لە سووریا بە دەوروبەری ١٨٠٠ دۆلار دەفرۆشرێت. کاتێک بە قاچاخ دەبرێتە ناو ئیسرائیل، دەکرێت بگاتە دەست دەیان هەزار شیکڵ. بۆ بەراوردکردن، دەمانچەی ئەسڵیی بوڵ ئارمۆری چێرۆکی بە شێوەیەکی یاسایی بە نزیکەی ٨٣٠ دۆلار دەفرۆشرێت.

#کوردستان #الاردن #ئیسرائیل #سوریا #ایران

Want your business to be the top-listed Media Company in Maple Ridge?
Click here to claim your Sponsored Listing.

Website

Address

11933 223ST
Maple Ridge, BC
V2X5Y4